مەندەلاوی داواکارییەک ئاراستەی لیژنەکانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری دەکات کە تایبەتە بە چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق
نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت داوای لە حکومەتی عێراق و لیژنەی یاسا و ئاسایش و بەرگری کردووە بۆ دورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانیان.
ئەمڕۆ شەممە، نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت بە واژۆی ١٠٠ ئەندام پەرلەمان داوایەکی ئاڕاستەی لیژنەی یاسا و ئاسایش و بەرگری کردووە بۆ دورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
ئاماژە بەوەش کراوە، موحسین مەندەلاوی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە بڕیاری ژمارەی ١٨ـی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ جێبەجێ بکات بۆ دورخستنەوەی هێزە بیانییەکان و کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق.
هاوکات، لە داواکەی موحسین مەندەلاویدا ئەوەش هاتووە کە نابێت هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هێزە بیانییەکان بکرێت بۆ مانەوەیان لە عێراق.
