مەندەلاوی و حەکیم جەخت لەسەر هاوبەشی نیشتمانی دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان دەکەنەوە
ئەمڕۆ هەینی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی و سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عەمار حەکیم، جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و کردەوەی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە قۆناغی داهاتوودا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع گەیشتووە ڕایگەیاندووە: “موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان،
لەگەڵ عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٥،کرد و تاوتوێی ئاسۆکانی قۆناغی داهاتوو دوای ئەم دەستکەوتە نیشتمانییەیان کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، ئەلمەندەلاوی پێزانینی خۆی بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی کە هێزە سیاسییەکان لە پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردندا بینیویەتی، جەختی لە گرنگی دانانی ئەولەویەتدان بە زمانی لێکتێگەیشتن و هاوبەشی نیشتمانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە، بە مەبەستی زامنکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و سەقامگیر بەرەو قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەت و چاکسازی ڕاستەقینە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەلمەندەلاوی و ئەلحەکیم ستایشی ئەو هەوڵانەیان کرد کە بۆ دەستەبەرکردنی بێگەردی و شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان دراون، جەختیان لەوە کردەوە کە سەرکەوتنیان نوێنەرایەتی سەرەتایەکی نوێ دەکات بۆ نوێکردنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها قۆناغی داهاتوو پێویستی بە هاوکاریی جددی هەیە بۆ یەکخستنی ڕیزەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.
