نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی خۆی بۆ عێراق نوێ دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و شەفاف
سەرۆک کۆمار پێشوازی لەنوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەنوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق، محەمەد ئەلحەسان و شاندی یاوەری .
وتیشی لەمیانی دیدارەکەدا باس لەپرسە سەرەکییەکانی ناوچەکە وجیهان کرا، دیارترینیان ئەو پێشهاتانەی لەناوچەکەدا ڕوودەدەن و کاریگەرییە داهاتووەکانیان، هەروەها ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەچەسپاندنی دیالۆگ و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
هەر لەدیدارەکەدا باس لەپێشهاتە سیاسییەکان و بارودۆخی وڵات و ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەچوارچێوە و پێوەرێکدا کرا ، کە گەرەنتی بێگەردیییان بکات و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان بەرز بکاتەوە.
سەرۆک کۆمار دووپاتی لەپابەندبوونی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان بەتەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ دەستەبەرکردنی ڕێکخستنێکی کارا و باوەڕپێکراو بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کردەوە، هاوکات جەختیشی لەگرنگی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە لەپێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەپێی بنەمایەکی شەفاف ودادپەروەرانە کەڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکە بێت بەڕێوەدەچێت.
لەلای خۆیەوە ئەلحەسان، پاڵپشتی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەوڵەکانی عێراقی بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پێوەرەکانی بێگەردی و شەفافیەتی دووپاتکردەوە و دەستخۆشیشی لەو هەنگاوانەی سەرۆکایەتی کۆمار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد لە ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان.
