هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیاتر بووە لە هاوردەی ڕۆژانەی نەوتی سعوودیە
بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پێش سعوودیە کەوتووە.
بەگوێرەی بەڕێوبەرایەتییەکە، هەفتەی رابردوو هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا 5.765 ملیۆن بەرمیل بووە کە 79 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە 5.844 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تۆمار کراوە.
هەروەها بەڕێوبەرایەتی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە کە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە 212 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی 17 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو کە هەناردەکردنی عێراق گەیشتبووە 229 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەم شێوەیە عێراق پێش سعوودیە کەوت کە هەناردەکردنی تەنها 87 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تۆمار کرد بۆ ئەمریکا.
لەلایەکی ترەوە، وڵاتی کەنەدا بە تێکڕای هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 733 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرووی لیستی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکایە، دوای ئەویش مەکسیک بە تێکڕای 551 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، وڵاتی ڤەنزوێلا بە 353 هەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا بە 289 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
