هەولێر...سەرۆکایەتی شارەوانی چەند بڕیارێکی سەبارەت بە رێکخستنەوەی ناوشار بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند بڕیارێکی سەبارەت بە رێکخستنەوەی ناوشار و فەرمانگە حکومی و حزبی و دامەزراوە ئەهلییەکان لە سنوورەکەیان بڵاوکردەوە.
شارەوانی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "بەدواداچوون بۆ کۆن بوون یان دڕانی ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو دامودەزگا حزبی و حکومی و شوێنە گشتیی و ئەهلییەکان دەکەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بڕیاریانداوە بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لە بوارەکانی ":
1-بایەخدان بە گەیاندنی رۆژە خزمەتگوزاریەکان و کارەکانی قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقام.
2-رێکخستنەوەو چاککردنەوەی شەقام، یاخود لادانی تاسە و بەدواداچوون بۆ فلکەکانی سوڕانەوە (یوتێرن) لە پێناو کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ.
3-بەدواداچوونی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی
4-راگرتنی پاکوخاوێنی شار و بەردەوامی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزی.
5- بەدواداچوون بۆ کۆن بوون یان دڕانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر گشت دام و دەزگا حزبی و حکومی و شوێنە گشتیی و ئەهلییەکان پێویستە ئاگادار بکرێنەوەو بگۆڕدرێت.
6-فراوانترکردنی هەڵمەتەکانی رواندنی دار و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
7-گەڕان و چاودێری کردن لە گەڕەک و شوێنە گشتیەکان، بۆ هەر کەسێک کە سەرپێچی بە فیڕۆدانی ئاو بکات.
8- زیادکردنی تیمێکی دیکە بۆ گرتنی سەگە بێلانەکان لە ناو پارک و شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر.
9-بایەخ دان بە رێگا سەرەکی و دەروازەکانی هاتنە ناوەوەی شار لەڕووی ژینگە و خاوێنی شەقامەکان.
