وەزارەتى دەرەوە سەرکۆنەى هەر داواکاری و هەوڵێک دەکات بۆ کۆچپێکردنى گەلى فەلەستین
وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى هەر داواکاری و هەوڵێک دەکات بۆ کۆچپێکردنى گەلى فەلەستینى و داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات لە دژى بوەستنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ى شوباتى 2025، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەراگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو داواکاری و هەوڵانەی کرد بۆ ئەوەى گەلى فەلەستینى، بەتایبەت دانیشتووانى کەرتى غەززە لەسەر خاکى خۆیان کۆچیان پێبکرێت و دەڵێت: "ئەو جۆرە داواکارییانەى پێشێلکردنى ئاشکراى یاسای نێودەوڵەتى و مافى گەلى فەلەستینە لەسەر خاک و وڵاتەکەى."
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە هەموو پلانێک رەتدەکەنەوە کە ئامانج لێى ئەوە بێت کەرتى غەززە لە دانیشتووانە رەسەنەکەى چۆڵ بکرێت و لەدژى دەوەستنەوە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد دژى هەرهەوڵێک بوەستنەوە بۆ کۆچپێکردنى فەلەستینییەکان و کار بۆ پاراستنى مافە رەواکانیان بکەن لە ژیانێکى ئارام لەسەر خاکەکەیان.
