وەزارەتی بەرگری دەرگاى پێشکێشکردنى بۆ خولى 89ـی ئەکادیمیاى سەربازى دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە،وەزارەتى بەرگریى دەرگای پێشکێشکردنى داواکاریى بۆ خولى 89ـی ئەکادیمیاى سەربازى دەکاتەوە، خولەکە تایبەتە بە پسپۆرییە مەدەنییەکان.
لە راگەیێنراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراقدا هاتووە:- لە رێگاى بەستەرێکى ئەلکیترۆنییەوە وەرگرتنى داواکاریی پێشکێشکردن بۆ ئەو خولە دەستىپێکردووە و تاوەکو 7ـی ئادار بەردەوام دەبێت.
ئەو خولە 39 پسپۆریی جیاوازى دیاریکردووە، کە دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن، کە بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان هەبێت لەوانە؛ ئەندازیار، دەرچووانى کۆلێژى زانست، راگەیاندن، پەیوەندییەکان، هونەرە جوانەکان، پەروەردەى وەرزشى، ئاسایشى ئەلیکترۆنى (سایبەر سکیۆریتى).
مەرجەکانى وەرگرتن بۆ ئەو خولە ئەوەیە، داواکار 20 ساڵى تەواو کردبێت و لە 26 ساڵیش زیاتر نەبێت، بەڵام بۆ ئەو کارمەندانەى وەزارەتى بەرگرى و سوپا کە داواکارییان پێشکێش کردووە، نابێت تەمەنیان لە 28 ساڵ زیاتر بێت.
پێویستە کەسى پێشکێشکار لە دایک و باوکێکى عێراقى بێت، بڕاونامەى بەکالۆریۆسى لە کۆلێژە مەدەنییە حکومییەکان یان ئەو کۆلێژە ئەهلیانەى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراقەوە دانپێدانراوە، هەبێت.
هەروەها نابێت باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر بێت و پێشتر لە خولى هاوشێوەى کۆلێژى سەربازى دەرنەکرابێت یان لە ریزى سوپاى هەڵنەهاتبێت.
بۆ پێشکێشکردن، دەبێت کەسى داواکار فۆڕمێک لە رێگەى ئەم لينكه ئەلکیترۆنییەوە پڕبکاتەوە:-
https://eformsmod.ur.gov.iq/
