وەزارەتی گەنجینەی ئهمەریكا سزای بەسەر دوازدە بەرپرسی کۆماری ئێراندا سەپاند
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە سزای بەسەر 12 کەسی ئێرانی ڕاگەیاند بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەی وڵات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سزاکان ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران و "بەرپرسانی ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتن لە دەرەوەی وڵات" دەکەنە ئامانج، کە هەندێک لەو کەسانەی سزا دراون بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەوانە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپشاندانی زیندانییەکان کە ناڕەزایی دەردەبڕن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی بۆ زیندانیان و بێبەشکردنی چاودێری پزیشکی بۆ زیندانیانی سیاسی و ڕفاندنی ڕەخنەگرانی ڕژێم لە دەرەوەی وڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، لەو کاتەی ژینا ئەمینی بە بێ پاساو لە دەستگیرکردندا لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە کوژرا، ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی خەڵکی ئێران".
