وەزیری تەندروستی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە رێگای ئۆنڵاینەوە دەرمان نەکڕن
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، نابێت دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە بفرۆشرێت. دەشڵێت" داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لە رێگای ئۆنڵاینەوە دەرمان و پێداویستی پزیشکی نەکڕن.
ئەمڕۆ سێشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هاوڵاتیان دەبێت خۆیان بە دووربگرن لە کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە رێگای سۆشیاڵ میدیاوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سۆشیاڵ میدیا نابێت بە بنەمایەک بۆ چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی، چونکە زۆربەی ئەو پەیج و هەژمارانەی ریکلام بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەکەن نافەرمی و نایاسایین.
ئەوەشی خستە روو، نەشتەرگەری درێژکردنی باڵا بەمەبەستی جوانکاری بە هەموو شێوەیەک رێگە پێنەدراوە تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ئەو کەسە لە رووی تەندروستییەوە کێشەی هەبێت لە ناڕێکی قاچەکانی.
وتیشی، هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییە بەمەبەستی جوانکاری ئەنجام بدات تاوانبارە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی درێژکردنی باڵا مەترسی دروست دەکەن بۆ سەر ژیانی ئەو کەسانە، هەرچەندە خۆشیان رازی بن، بەڵام تەندروستی گشتی رێگە نادات بە خستنە مەترسی ژیانی هاوڵاتیانەوە.
