پارتی تەقەدوم راگەیەندراوی هاوبەشی عەزم و سیادە و حەسمی نیشتمانی ڕەتدەکاتەوە
پارتی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، راگەیەنراوێكی توند لەدژی خەمیس خەنجەرو چەند لایەنێكی دیكەی سوننە بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت سەرباری هەوڵەكانیان بۆ كڕینی هەندێ پەرلەمانتار لەڕێی هەڵڕشتنی پارەوە، بەڵام ئەوان زۆرینەی پێكهاتەی سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەران پێكناهێنن.
لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، پارتی تەقەدوم راگەیەندراوە هاوبەشەكەی هەریەك لە هاوپەیمانیی سیادەو حەسم و عەزم-ی رەتكردووەتەوە، كە خۆیان وەك زۆرینەی پێكهاتەی سوننە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران ناساندووە، جەختی لەوەشكردووتەوەو كە سەرباری هەموو هەوڵەكانی ئەو سێ لایەنە بۆ كڕینی هەندێ پەرلەمانتار لەڕێگەی خەرجكردنی پارەیەكی زۆر، بەڵام ناتوانن ئەو راستییە بشارنەوە كە زۆرینەی پێكهاتەی سوننە بریتییە لە حزبی تەقەدوم.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، حزبی تەقەدوم داوای لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و سەرجەم دەستە چاودێرییەكان كردووە، كۆتایی بە مزادی كڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتاران بهێنن، كە پرۆسەی سیاسیی ناشیرین كردووە، هەروەها داواشی كردووە لەسەر ئاستێكی باڵا لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكرێت.
راگەیەندراوەكەی حزبی تەقەدوم لەدوای لێدوانەكەی خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە هات، كە رایگەیاندبوو سبەی لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عیراق، كە بۆ هەموو لایەنەكانی كەركوكی ناردووە، كۆدەبینەوەو تێڕوانینی خۆمان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران رووندەكەینەوە.
خەمیس خەنجەر كە پێشتر هاوپەیمانێكی سەرسەختی حەلبوسی بوو، داواشی كردووە پەلە بكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، راشیگەیاند: بۆ ئەو مەبەستە شاند دەنێرینە لای هەموو لایەنەكان
