پارێزگاری هەولێر: شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان
پارێزگاری هەولێر: شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بە مەبەستى ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان، شێڵتەری سەگی بێلانەی هەولێرى بەسەرکردەوە.
پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "لە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 3000 سەگی بێلانە بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە، کۆکردنەوەی 3000 سەگ، واتا سێ هەزار گرفت لە نێو شار گواستراونەتەوە و رۆژانەش 80 سەگ دەگوازرێنەوە و بەهۆی پڕۆسەکەوە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە کەمبووەتەوە".
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "رێژەی لەناوچوونی سەگە بێلانەکانیش لە نێو شار کەمبووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک پەلاماریان دەدان و دەیانکوشتن یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دەدا".
پارێزگاری هەولێر جەختى لەوەشکردەوە، ئەو شێڵتەرەی کە لە هەولێر بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
شایەنی باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتی و شارى هەولێر بەتایبەتى دیاردەی سەگی بێلانە مەترسی زۆری بۆ سەر هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگە بێلانانەش زیاتردەبوون، ڕۆژانەش ئەو سەگە بێلانانە پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا، هەربۆیە بەگوژمەى 450 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى پارێزگا و لەسەر ڕووبەرى 20 دۆنم زەوی و بە دوورى 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، شێڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرا.
