پاشکۆی گەیشتن بۆ مۆندیال.. عێراق لە ئیندونیسیای بردەوە
لە میان پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەڵبژاردەی نیشتمانی لە ئیندونیسیای بردەوە و نزیکبووەوە لە گەیشتن بە مۆندیال.
گێمی یەکەم، هەردوویانە بە هاوسەنگی یارییان دەکرد و نەتوانرا هیچ گۆڵێک تۆماربکرێت.
لە گێمی دووەم، گراهام ئارنۆڵد چەند گۆرانکارییەکی ئەنجامدا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی شێرەکانی رافیدەین لە خولەکی 76 بە گۆڵێکی نایابی زیدان ئیقبال پێشبکەون، دوای ئەو گۆڵە هەردوولا چەند هەوڵێکی دیکەیان بۆ تۆماری گۆڵدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لە بەرامبەردا چەند خولەکێک پێش فیکەی کۆتایی، زەید تەحسینی بەرگریکاری عێراق بەهۆی هەڵەیەکەوە دووەم کارتی زەردی بەروویدا بەرزکرایەوە و بە کارتی سور کرایە دەرەوە، بەڵام کارتە سورەکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆتایی نەبوو.
دەرەنجام یارییەکە بە تاکە گۆڵێک لە سودی عێراق کۆتاییهات، بەم ئەنجامە عێراق سێ خاڵی گرنگی کۆکردەوە و لە یاریی داهاتوو پێویستی بە بردنەوە هەیە بەرامبەر سعودیە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە مۆندیال، لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی دیکە هێشتا هەلی گەیشتنی بە پاڵەوانێتییەکەی دەمێنێت.
هەرچی هەڵبژاردەی ئیندونیسیایە بە فەرمی هەلی گەیشتن بە مۆندیالی لەدەستدا و نەیتوانی هیچ خاڵێک لەو قۆناغەدا کۆبکاتەوە.
