پزیشکانی ناڕازی و دەرچووانی پزیشکی لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گردبوونەوە
پزیشکانی ناڕازی و دەرچووانی بەشی پزیشکی دانەمەزراو لە هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن، لە سەرجەم شارەکانی هەرێم ژمارەیان نزیکەی هەزارو ٦٠٠ پزیشکە ، بەڵام تائێستاش حکومەتی ماوەبەسەرچوو و وەزارەتی تەندرووستی، گرفتی دانەمەزراندنی پزیشکانیان چارەسەر نەکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، پزیشکانی ناڕازی و دەرچووانی پزیشکی لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر و بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر دانەمەزراندنیان گردبوونەوە.
دەشڵێن، پزیشکانی سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکان تاوەکو ئێستا دامەزراندنیان راوەستاوە و جاری یەکەمیان نییە لەپێناو مافەکانیان گردببنەوە.
وتیشیان، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە پزیشکان لەشوێنەکانی خۆیان قەتیس بون و ماوەی یاسایی کارکردنیان کۆتاییهاتووە و دەبێت پلەبەندی دەستپێبکاتەوە و .بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە و ئێستا داوای جێبەجێکردنی دەکەن
باسیان لەوەشکرد، دەرچووانی بەشی پزیشکی و پزیشکانی دانەمەزراو کە هەردووکیان لە چاوەڕێی دامەزراندندان، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
