پۆلیسی ڕاپه‌ڕین تۆمه‌تبارێكی دەستگیرکرد كه ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش ساڵه خه‌ریكی فریودانی ئافره‌تانه
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین رایگه‌یاند، تۆمه‌تبارێك كه ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش ساڵه خه‌ریكی فریودانی ئافره‌تانه به‌ناوی ئه‌وه‌ی گوایه دایانده‌مه‌زرێنێت، "داوای وێنه و زانیاری و پاره‌ی لێكردون".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "هێزه‌كانمان له نوسینگه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی پشده‌ر (مكافحه) كه‌سێكیان ده‌ستگیركردن كه له ڕێگه‌ی په‌یجه‌كانه‌وه ڕیكلامی بۆخۆی كردوه گوایه ئافره‌ت داده‌مه‌زرێنێت وه‌ك سكرتێری پزیشك و یاریده‌ده‌ری ده‌رمانساز به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زایه‌كی له ته‌ندروستیدا هه‌بێت یاخود ڕاسپێردرابێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "له ڕیكلامه‌كاندا ژماره مۆبایلی خۆی داناوه و دواتر له ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سه‌دان ئافره‌تی فریو داوه و داوای وێنه و زانیاری كه‌سی لێكردون".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "دوای ده‌ستگیركردنی، تۆمه‌تباره‌كه دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه و به وته‌ی خۆی له ساڵی 2019 تا ئێستا خه‌ریكی ئه‌و كاره‌یه و وێنه‌ی كه‌سانی دیكه‌ی بۆ ئافره‌تان ناردوه و پێی وتون ئه‌وه خۆیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بێت".
باسی له‌وه‌شكردوه، "دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مۆبایله‌كه‌ی، ده‌ركه‌وت سه‌دان وێنه‌ی ئافره‌تانی تێدایه، تۆمه‌تبار تۆڕه‌كانی سناپ و ڤایبه‌ر و واتسئاپی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیاندا به‌كارهێناوه و جگه له‌وێنه و زانیاری كه‌سی داوای پاره‌شی لێكردون".
پۆلیسی ئیداره‌ی راپه‌ڕین رونیشیكردۆته‌وه، "پاش ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م پۆلیس و دادگا دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه، به بڕیاری دادوه‌ر به مادده‌ی 456 له یاسایی سزادانی عیراقی ڕاگیركراوه كه دانیشتوی سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینه".
