پەرلەمانی عەرەبی: پشتگیریی تەواوی هەوڵەکان دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق
ئەمڕۆ چوارشەممە "محەمەد ئەحمەد يەماحی"سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی، جەختی لەوە کردەوە کە پەرلەمانی عەرەبی پشتگیریی تەواوی ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
"یەماحی" لە نامەیەکدا بۆ "هەیبەت حەلبووسی"سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: پەرلەمانی عەرەبی تەئکید لە هاوپشتی و وەستانەوەی تەواوی لەگەڵ عێراق دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، و جەخت دەکاتەوە کە ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەری نیشتمانی و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش، و سەقامگیری و سەلامەتی هاووڵاتیانی عێراق.
دەشڵێت : پەرلەمانی عەرەبی بە توندترین شێوە ئەو دەستدرێژییانە شەرمەزار دەکات و بە هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دایان دەنێت، هەروەها بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی دەزانێت کە جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان دەکاتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردوە : ئەم دەستدرێژییانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی، و دووپاتیشیکردەوە کە پەرلەمانی عەرەبی پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
