چەند بڕیارێکی گرنگ لە سودانییەوە بۆ ئەو کەسانەی کاری گەیاندن دەکەن
سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانە دەردەكات، كە كاری گەیاندن دەكەن و جەختدەكاتەوە، كە بڕیارەکانی بۆ پاراستنی مافی ئەو گەنجانەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی، لەپێناو رێكخستنەوەی بازاڕی كار و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتی كار دەكەن، لیژنەیەك پێكهێندرا و دواتر لیژنەكە چەند ڕاسپاردەیەكی خستە بەردەم سەرۆك وەزیران و ئەویش پەسەندی كرد.
گرنگترین بڕیارەکانیش بریتین لە دامەزراندنی سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن (دیلیڤەری) بەپێی بڕگەکانی یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکان ژمارە ٥٢ـی ساڵی ١٩٨٧ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ببێت به نوێنەری فەرمی ئەم توێژە.
هەروەها تۆمارکردنی شۆفێرانی گەیاندن (دیلیڤەری) لە دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی پاراستنی حکومی بیانگرێتەوە.
لە بڕیارێکی دیکەشدا، ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی ئامادەدەکرێت بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە، بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
وە ئاسانکاریكردن بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی کرێی تۆمارکردنیان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ وێستگەكانی بەنزینخانە بەپێی رێسای دیاریكراو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکرێن، کە لە کاتی دەوامی شەوانەدا هاوکاری ئەمنی پێشكەش بە شۆفێران بکەن.
سودانی بڕیاریشیداوە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان، قەرزی بچووک و ئاسان دابینبکرێت لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، پێویستە کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان پابەندبن بە کاتی کارکردن و کرێی کارکردن، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کار.
فەرمانگە تایبەتەكان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، و فەرمانگەی بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگە پەیوەندیدارەكان بە خزمەتگوزاری گەیاندن، و لە ماوەی (٦٠) رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
