ڕێککەوتنێک کۆتایی بە ناکۆکی لەسەر سەرکردایەتی پەرلەمان دەهێنێت
دوای ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق دا، دەمەقاڵە لەنێوان مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمان و موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی دروست بو، ئەمڕۆ مەندەلاوی لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان سەردانی مەشهەدانیان كردوە و ناكۆكیەكانیان چارەسەركرد، پەرلەمانیش بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی خۆی بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە مەحمود مەشهەدانی لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵا کرد بۆ تاوتوێکردنی کاروباری دانیشتنی پێشو و ڕوداوەکان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە میانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر پابەندبونی هاوبەش بە پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارەکانی پەرلەمان بە پێی بڕگەکانی دەستور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کرایەوە. هەروەها سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا سبەی چوارشەممە دانیشتن ئەنجام بدرێت بۆ تەواوکردنی کارنامەی دانیشتنەكان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆکی پەرلەمان جەختی لە گرنگی پابەندبون بە ڕێکارە یاساییەکان و هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی پەرلەمانی کردەوە، داوای لە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کرد ئامادەبن و بەشێوەیەکی کارا بەشداری دانیشتنەکەی داهاتو بکەن بۆ دڵنیابون لە سەرکەوتنی و گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکان.
