کارەبا دەستپێکردنی دانانی پێوەرە زیرەکەکانی لە چەند پارێزگایەک ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کارەبا دەستپێکردنی کردەیی دانانی پێوەرەزیرەکەکانی لە ٤ پارێزگا و سێ ناوچەی بەغدای پایتەخت ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان بەم سیستەمە دەبەسترێنەوە، و جەختیشی کردەوە کە پێوەرە نوێیەکان دەرفەت بە هاوڵاتی دەدەن بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی بکات و ڕێژەی هەڵەکان بۆ سفر کەم دەکەنەوە.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی گۆڕینی زیرەک بە کردەیی لە ناوچەکانی مەنسوور و یەرمووک و حیتین لە بەغدا دەستیپێکردووە و دەست بە دانانی پێوەرە زیرەکەکان کراوە، ڕوونیشیکردەوە کە پرۆسەی دانانەکە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و ئەنبار و واستیشی گرتووەتەوە
مووسا وتیشی: لە ئێستادا هیچ فەرمانگەیەکی حکومی نییە کە پێوەری زیرەک نەیگرێتەوە یان میکانیزمی پارەدانی ئەلیکترۆنی تێدا نەبێت، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی زۆری پێوەری زیرەک چ بۆ کەرتی وزە و چ بۆ هاوڵاتی.
ڕوونیشیکردەوە کە پێوەری زیرەک خوێندنەوەیەکی ئەلیکترۆنیی ورد دابین دەکات، کە دەرفەت بە هاوڵاتی دەدات قەبارەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی و لە تەواوی کاتەکاندا ببینێت، ئاماژەی بەوەشدا کە پێوەرەکە بەستراوەتەوە بە سیستەمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنیی ناوەندی بە ناوی (HES)، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ بارەکان هەژمار دەکات، ئەمەش ڕێژەی هەڵە بە تەواوی بنبڕ دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە "سیستەمی (هێس) ڕاستەوخۆ بە سەنتەری کۆنترۆڵی نیشتمانییەوە دەبەسترێتەوە، بەمەش خوێندنەوەکان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دەگوازرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕێکارە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ئەو بارە بەرزە زیاد لە پێویستانەیە کە لە ئێستادا کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە، جگە لە ڕێکخستنی دۆخی تۆڕی کارەبا.
وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەشدا کە بەشێکی تۆڕی کارەبا کۆنبووە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان، و بەشێکی دیکەی ڕووبەڕووی بەهەدەردان دەبێتەوە، جگە لە پێویستیی پەرەپێدان لەگەڵ دروستبوونی ناوچەی نیشتەجێبوونی نوێ، وتیشی: پێوەری زیرەک وەزارەت بەتوانا دەکات بۆ ئامادەکردنی ئامار و بنکەدراوەیەکی تەواو بۆ بەشداربووان، بە کەرتی کشتوکاڵ و ناوچە زێدەڕۆکانیشەوە کە پێشتر بەهۆی ئەوەی فەرمی نەبوون نەدەتوانرا کارەبایان بۆ دابین بکرێت
