کوێستان محەمەد: سەرجەم تاکەکان مافى خۆشگوزەرانیان هەیە بێ گوێدانە جیاوازییەکان
لە رۆژى جیهانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی رایدەگەیەنێت؛ ئەم رۆژە دەرفەتێکە سەرنج بخەینەسەر باشترکردنى ژیانى ئەو تاکانەى رۆژانە روبەڕوى ئاستەنگ دەبنەوە دەشڵێت: سەرجەم تاکەکان مافى خۆشگوزەرانیان هەیە بێ گوێدانە جیاوازییەکان.
کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی، لە راگەیەنراوێکیدا وێڕاى پیرۆزبایی ئەم یادە لە خاوەنپێداویستییە تایبەت و کورتەباڵاکان، دەڵێت: وەزارەتمان بە هەماهەنگی و پێکەوەیی لەگەڵ وەزارەتەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسە لە بەدیهێنانی سەرجەم ئامانج و ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی یە تایبەتەکان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەک جەخت دەکاتەوە کە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەرفەتێکە تا سەرنجەکان لەسەر پێویستی بەرەو پێشبردنی یەکسانی و باشترکردنی ژیانی ئەو تاکانە بێت کە رۆژانە روبەڕوی ئاستەنگ دەبنەوە.
وەزیرى کار هەر جیاوازییەک رەت دەکاتەوە و دەڵێت: هەمو تاکێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مافی ئەوەی هەیە کە بە خۆشگوزەرانییەوە بژی و سەرجەم مافەکانی وەربگرێت و جەخت دەکەینەوە کە دەرفەت و پشتیوانى بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەبێت لەژێر دروشمى "کەمئەندامان شایەنى رێزن نەک بەزەیی".
لەبارەى ئەو دەستکەوتانەى وەزارەتى کار بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بەدەستیهێناوە کوێستان محەمەد دەڵێت: پەسەندکردنى سندوقى چاودێرى و شیاندنى خاوەن پێداویستییە تایبەت و کورتەباڵاکان دەستکەوتێکى مەزنە بۆ ئەو چینە و ئامانج لێی کۆکردنەوەى داهات و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تا ئەو چینە بگەنە ئاستى بەرەوپێشچون و شیاندنەوەى کۆمەڵایەتیی.
هاوکات ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن لەسەر داوا و پێشنیاری وەزارەتى کار دەرفەتی خوێندن و بەدەركردنی وەرگیرانی پاڵێوراوانی دبلۆمی باڵاو ماستەر و دكتۆرا لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و پێدانی مۆڵەتی خوێندن بە ژمارەیەكی بەرچاوی خوازریارانی خوێندنی باڵا بۆ ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکراوە.
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا وەزیرى کار داوا دەکات کە پێویستە هەمومان پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی ئەو پشتگیری و ئاسانکارییانەی کە ئەم تاکانە پێویستیانە تا بتوانن پەرە بە تواناو داهێنانەکانیان بدەن، زەمینە سازیان بۆ برەخسێنین و خۆیان بسەلمێنن.
