کەرکوک... دروستکردنی پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی خاو
پارێزگاری کەرکوک دروستکردنی پاڵاوتگەیەکی گەورەی نەوتی راگەیاند ،ئاماژەی بەوشکرد" پاڵاوتگەکە لە توانایدا هەیە رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بپاڵێوێت و هەلیکاریش بۆ سێ هەزار کەس دەڕەخسێنێت".
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ 30ی1ی2025 رێککەوتنێکمان لەگەڵ کۆمپانیای رانیە بۆ دروستکردنی پاڵاوتگەیەک لە کەرکوک ئیمزا کرد، کە لە توانایدا هەیە رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بپاڵێوێت".
ئاماژەی بەوەشکرد:" پرۆژەکە یەکەمجارە لە شاری کەرکوک ئەنجامدەدرێت، لەکاتێکدا کەرکوک یەکەمین شارە کە بیری نەوتی لێ دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا پاڵاوتگەیەکی وەبەرهێنانی نەوتی تێدا نەبوو، هەروەها نزیکەی پێنج ساڵە پرۆژەکە دواخرابوو، گرفتی گەورەی بۆ دروستکرابوو، بەڵام ئێمە لە ئیدارەی کەرکوک هەموو کێشەکانمان چارەسەر کرد و لە ئەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی پاڵاوتگەکە دەکرێت".
پارێزگاری کەرکوک راشیگەیاند:" پرۆژەکە لەسەر رووبەری 900 دۆنم زەوی بونیاد دەنرێت، پاڵاوتگەکە کاردەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کەرکوک نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی هەبێت،هاوکات بەنزین و نەوتی سپی و گاز و بەرهەمەکانی دیکەی نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها ئەم پرۆژەیە دەرفەتێکە بۆ رەخساندنی هەلیکار لە شارەکە و زیاتر لە سێ هەزار هەلیکار دەڕەخسێنێت".
