کەشناسی هەرێم: سبەی باراناوی دەبێت و شەپۆڵێکی بەفربارین سەرجەمی ناوچە سنورییەکان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، کەشی ئەمڕۆی هەرێم هەوری تەواو دەبێت، لە نیوەرۆدا کاریگەری شەپۆڵێکی بارانبارین دەست پێدەکات، هەروەها کەشی سبەی باراناوی دەبێت و شەپۆڵێکی بەفربارین سەرجەمی ناوچە سنورییەکان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە کەش هەوری تەواو دەبێت، لە نیوەرۆدا کاریگەری شەپۆڵێکی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان دەست پێدەکات، سەرتا لە سنوری پارێزگای دهۆک و بەشێک لەناوچە شاخاوییەکان، پاشان کاریگەری ئەو شەپۆڵە بۆ ئەمرۆ بەلاوازی درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکان بەنمە بارانی پچڕپچڕ و بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە سنورییەکان، لە دەرنگانی شەودا شەپۆڵی بارانبارین زیاد دەکات لەسەر ناوچەکەمان .
ئاماژەی بەوەشكرد، سبەی پێنجشەممە کەش باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکان. لەئەنجامی زیادبونی کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سپی ناوەراست و هاتنی بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆڵێکی بەفربارین سەرجەمی ناوچە سنورییەکان و ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزیان لە 1400 مەتر زیاترە دەگرێتەوە، لەگەڵ بارانبارین و خێرایی با لەهەندێک کات بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر زیاد دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی هەینی لاواز دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما هەر بەنزمی دەمێنێتەوە بەتایبەت نزمترین پلەکانی گەرما لەهەندێک ناوچە بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە سەنتەری شارەکان لە سفر پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە .
