یاسای باری کەسی دەنگی زۆرینەی لەسەر درا و یاساکە هەموارکرا
سەرەڕای رێگرییەکان ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە و دەنگی زۆرینەی لەسەر درا و یاساکە هەموارکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە، بە وتەی پەرلەمانتارێک، چەند گۆڕانکارییەک لە هەموارەکە کراوە.
ئومێد محەممەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر لە لێدوانێکی لەمبارەیەوە بە ڕۆژنامەی بە نەوژینی رایگەیاندبووە: چەند گۆڕانکارییەک لە بڕگەکانی هەموارەکە کراوە، بەشێوەیەک تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان لە 9 ساڵی یان 12 ساڵیەوە بۆ 15 ساڵر بەرزکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا مەرج بۆ هاوسەرگیرییەکە دانراوە، کە دەبێت بەخێوکەری کچەکە رەزامەند بێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر پەرلەمانتارە شیعەکان ویستویانە ئەم یاسایە هەموار بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ڕێگە بە مارەکردنی کچ دەدات لە تەمەنی 9 ساڵیەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقی، هەمواری ئەم یاسایە دواخرابوو، دواجار ئەمڕۆ سێشەممە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران یاساکە هەموارکرا.
