یۆرۆپا لیگ..مان یونایتد شکستی بە لیۆن هێنا و سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی
لە یۆرۆپا لیگ و لە یارییەکی پڕگۆڵ و دراماتیکی مان یونایتد شکستی بە لیۆن هێنا و سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی و تۆتنهام و گلیمت و بلباویش گەیشتنە هەمان قۆناغ.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆپا لیگ، مان یونایتدی ئینگلیزی و لیۆنی فەرەنسی لە یاریگای ئۆڵد ترافۆرد بەیەکگەیشتن هەردوولاش لە یاریی چوون بە دوو گۆڵ یەکسانبوون.
تایمی یەکەم، شیتانە سورەکان پشتبەست بە یاریگا و هاندەران نایاب دەرکەوتن و لە خولەکەکانی 10 و 45 دوو گۆڵیان لە رێگەی مانویێل ئۆگارتی و دیگۆ دالۆتەوە تۆمارکرد، نیوەی یەکەمیش بەو دوو گۆڵە کۆتایی هات.
لە تایمی دووەم، لیۆن هاتەوە کەشی یارییەکە و لە خولەکەکانی 71 و 77 دوو گۆڵی بەدواییەکی لە رێگەی تۆلیسۆ و تالیافیکۆ نوسییەوە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە, هەرچەندە لە خولەکی 89 تۆلیسۆی ناوەڕاستکاری یانە فەرەنسیەکە بە کارتی سور کرایە دەرەوە، بەڵام کاتی ئاسایی یارییەکە بەو یەکسانبوونە کۆتایی هات.
لە دوو تایمی زیادکراودا یارییەکە بە تەواوی جیاوازبوو، بە شێوەیەک لیۆن دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 104 و 109 لە رێگەی شەرقی و لاگازێت تۆمارکرد کە دووەمیان بە لێدانی سزابوو، دوای ئەو دوو گۆڵە هەمووان چاوەڕێی سەرکەوتنی لیۆن بوون.
بەڵام ئەنجامەکە هەڵگەڕایەوە و لە خولەکەکانی 114 و 120 و کاتی زیادکراودا مان یوو سێ گۆڵیان نوسییەوە و گڕیان لە ئۆڵد ترافۆرد بەردا، گۆڵەکانیش برونۆ بە لێدانی سزا و ماینۆ و ماگوایەر تۆماریان کرد.
سەرەنجام یارییەکە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ لە سودی یاریزانانی ئەمۆریم کۆتایی هات، بە ئەنجامی هەردوو یارییش یونایتد حەوت بە شەش لیۆنی تێپەڕاند و گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی.
