یۆنان خواستی خۆی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق لە هەموو سێکتەرەکاندا دەردەبڕێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یۆنان لە سەرجەم کەرت و بوارە جێبایەخە هاوبەشەکان و کاراکردنی دەرەنجامەکانی خولی نۆیەمی کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی-یۆنانی کردەوە کە لە بەغداد بەڕێوەچوو.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە جۆرجیۆس ئالامانۆس باڵیۆزی کۆماری هێلینییە (یۆنان) لە عێراق کرد، ئەوەش بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سودانی جەختی کردەوە: لەسەر "گرنگی بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم کەرت و بوارە جێبایەخە هاوبەشەکان و کاراکردنی دەرەنجامەکانی خولی نۆیەمی کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی-یۆنانی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو".
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە "پەرەسەندنی ئەو دەرفەتانە کرد کە کۆمپانیا یۆنانییەکان دەتوانن لە ڕێگەیانەوە بەشداری بکەن لەو بووژانەوە ئاوەدانی و گەشەسەندنە گەورەیەی کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەها سوپاس و پێزانینی ئاراستەی هەوڵەکانی باڵیۆز کرد لەم ڕووەوە لە ماوەی خزمەتکردنیدا لە عێراق".
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆز ئالامانۆس خواستی حکومەتەکەی بۆ "فراوانکردنی سوودەکانی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی لەگەڵ کردنەوەی هێڵی فڕۆکەوانی ڕاستەوخۆ لەنێوان بەغدا و ئەسینا"، و جەختیشیکردەوە: کە "هەردوو وڵاتی دۆست لە چەندین ئاڵنگاری جیاوازدا هاوبەشن، لە پێش هەموویانەوە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاو و باقی بوارە بنەڕەتییەکانی دیکە".
