یەکێتی مامۆستایان چەند داواکارییەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات
مەكتەبی سكرتاریەتی يەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، مامۆستایانیش شایەنی پلەبەرزكردنەوەن و داوا دەکات هەنگاو و بڕیاری جددی بنرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان.
مەكتەبی سكرتاریەتی يەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەراگەیەندراوێکدا لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان، رایگهیاند، رۆژی پێنجشەممە پلەی سەربازی زیاتر لە چوار هەزار ئەفسەر لەوەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە لەكاتێكدا ماوەی 10 ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان".
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی موچەخۆرانی كوردستان، ئەمڕۆ خۆشبەختانە پلەی (4304) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازن، كە هەمیشە لەخۆبردوانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بون.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "روی داواكاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زوە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا كە خۆراگرانەو ماندونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان لەسەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بون، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن".
ئەوەشی خستوەتەرو، "لەكاتێكدا ئەمڕۆ نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچوە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستی پێنەكردوە، لەكۆتاییدا هیوادارین، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان".
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جارێكی دیكە جەخت دەكاتەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە.
یەکێتییەکە داوای پێدانی موچەی مامۆستایان لەکاتی خۆیدا دەکات، هەروەها داوای پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و دامەزراندن یاخود بە گرێبەستکردنی مامۆستایان وانەبێژ دەکات، جگە لەوەش داوا دەکات کە موچەی خانەنشینانی هەرێم وەکو موچەی خانەنشینانی عێراقی لێبکرێت.
