یاسای "لێبوردنی گشتی" چۆن بەسەر ئالوودەبووان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق جێبەجێ دەکرێت؟
یاسای "لێبوردنی گشتی" چۆن بەسەر ئالوودەبووان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق جێبەجێ دەکرێت؟ ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق وەڵام دەداتەوە.
محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە یاسای لێبوردنی گشتی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچیەکان دەگرێتەوە کە تاوانی قاچاخیەکەیان لە 50 گرام زیاتر نەبێت.
محەممەد عەنوز لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی "ئەلموتەڵع"، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە، "یاسای لێبوردنی گشتی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان زیندانی کراون دەگرێتەوە بەو مەرجەی کە تۆمەتی بازرگانیان لە پەنجا گرام زیاتر نەبێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئازادکردنی ئەو ئالوودەبووانەی کە لە زیندانەکانی عێراقدا زیندانی کراون دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر و کەمکردنی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان.
زانیاری زیاتر...
ڕۆژی 21ـی کانوونی دوومی 2024، دەنگدان لەسەر سێ یاسا لە پەرلەمانی عێراق درا، هەمواری یاسای باری کەسێتی کە دەنگی زۆرینەی لەسەر درا و یاساکە هەموارکرا، ئەو یاسایەی کە پەرلەمانتار و لایەنە شیعەکان داوایان کردبوو کە ڕێگە بە مارەکردنی کچی تەمەن 9 ساڵان دەدات و یاسای ساڵی تەمەنی هاوسەرگیری کچ لە 18 ساڵیەوە بووە 9 ساڵان، ئەمەش دوای هەموارکردنی.
پڕۆژەیاسای دووەم کە دەنگی لەسەر درا، گەڕانەوەی مافی خانوو و زەوی ماف زەوتکراەکانی پارێزگای کەرکووک، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەم موڵکانە لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان وەرگیرابوو، ئەم پرۆژە یاسایەی کە فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق داوایان کردبوو.
پڕۆژەیاسای سێیەم، دەنگدان لەسەر یاسای لێبوردەیی گشتی کە لایەنە سوننیەکان داوای جێبەجێکردنیان دەکرد، بەمەبەستی لێبوردەیی گشتی بۆ زیندانیانی عێراق، ئەو یاسایەی کە مشتومڕی جیاوازی لێکەوتەوە و زۆرێک لە چالاکوان و گرووپ و لایەنەکان بە (گەڕانەوەی تیرۆر) ناویان بردووە.
