ئارسناڵ گۆڵبارانی لانس کرد
لە چامپیۆنزلیگ ئارسناڵ بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر لە لانسی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتیەکە.
لە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم چامپیۆنزلیگ، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای ئیمارات میوانداری یانەی لانسی فەڕەنسی کرد.
لە تایمی یەکەم یانەی ئارسناڵ باشتر بینرا و لە خولەکی 13 کای هاڤێرتز گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، لە خولەکەکانی 21 و 23 ئارسناڵ دوو گۆڵی تری تۆمارکرد لەلایەن خیسۆس و ساکا ، گەنەرز بەردەوام بوو لە گۆڵەکانی و لە خولەکی 27 مارتنێلی چوارەم گۆڵی تۆمارکرد و لە خولەکی یەکی کاتی زیادکراوی تایمی یەکەم ئۆدیگارد پێنجەم گۆڵی تۆمارکرد.
لە تایمی دووەمدا ئارسناڵ بەردەوام بوو لە ئێستە بەرزەکەی و توانی لە خولەکی 86 بە لێدانی سزا شەشەم گۆڵ تۆمار بکات لەلایەن جۆرجینیۆی ئیتاڵی.
سەرەنجام یانەی ئارسناڵ بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر لە لانسی بردەوە خۆی گەیاندە قۆناغی 16 چامپیۆنزلیگ.
لە یارییەکی تردا یانەی ئینتەر میلان ئیتاڵی میوانداری یانەی بەنفیکای پورتوگالی کرد و یارییەکەش بە یەکسان بوون بە سێ گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتای هات.
لە درێژەی یارییەکان یانەی ڕیاڵ سۆسیداد ئیسپانی ڕووبەڕووی یانەی سالزبۆرگی نەمسای بوویەوە یارییەکەش بە یەکسان بوون بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
