ئاسایشی هەولێر 10 تۆمەتباریان دەستگیركرد كە باندێكیان پێكهێناوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، 10 تۆمەتباریان دەستگیركردوە كە باندێكیان پێكهێناوە و خەریكی كاری ڕێگیریکردن، دزیکردن، تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هێرشکردنە سەر هاوڵاتی کاسبکار بون، دەشڵێت، "دەستگیراوە بەسەر چەقۆ، دەمانچە، تەرور و چەند ئامرازێكی دیكە كە بۆ كارەكانیان بەكاریان هێناوە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە شاری هەولێر باندێكیان دەستگیركردوە كە لە 10 كەس پێكهاتون و خەریكی كاری ڕێگیریکردن، دزیکردن، تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هێرشکردنە سەر هاوڵاتی کاسبکار بون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو كەسانەدا، دەستگیراوە بەسەر ئەو كەلوپەلانەی كە بۆ كارەكانیان بەكاریان هێناوە لەوانە چەكی سپی، دەمانچە، تەور و ساتور و چەند شتێكی دیكە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیە دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد و كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەكان، بە فەرمانی دادوەر و لە ژماریەك ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیركردوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەكات، هەر كەسێك تاوانی بەرامبەر ئەنجامدراوە و سكاڵای لەسەر ئەو تۆمەتبارانە هەیە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش یان لقەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكە بكات بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی و داواكردنی مافی خۆی.
