ئاسایشی هەولێر: مامەڵکردن بەهەموو جۆرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی قەدەغەیە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر هاووڵاتییانی شاری هەولێر ئاگەدار دەکاتەوە، مامەڵکردن بەهەموو جۆرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی(فۆرێکس) و (USDT) قەدەغەیە.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای فۆرێکس و دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و مۆڵەتی فەرمیان نییە، دەشڵێت: بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و هیچ یاسا و ڕێنماییەک نییە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیا جیا کاری فۆرێکس و کردنەوەی خوولی فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن و کڕینی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی دەکەن، نایاسایین و ڕێگەپێدراو نین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە، دوای سکاڵای زۆری هاووڵاتییان لەبارەی زیانمەندبوونیان لەڕێگەی ئەم کۆمپانیا و بڕۆکەرانە، ئەم بەیاننامەیان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی تووشی زیانی ماددی نەبن، دوور بکەونەوە لەم جۆرە مامەڵانە و پارەکانیان بەفیڕۆ نەدەن بە پرۆپاگەندە و ڕێکلامی کۆمپانیا و بڕۆکەرەکان هەڵنەخەڵەتێن و خۆیان لێ بەدوور بگرن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاگەداری تەواوی کۆمپانیا و برۆکەرەکانی کردووەتەوە، لەڕێگەی سۆشیال میدیا ڕێکلام بۆ کاری فۆرێکس و دراوە کانزاییەکان نەکەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
