ئوردن زنجیره‌یه‌ك بۆردومانی لهسوەیدای سوریا ئه‌نجامدا
ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه ده‌نگی زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه لادێكانی پارێزگای سوه‌یدایان له باشوری سوریای هه‌ژاند و دواتریش ده‌ركه‌وت، هێرشی فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی هێزی ئاسمانی ئوردنه كه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی قاچاخچێتی ماده‌ی هۆشبه‌ریان كردوه‌ته ئامانج.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، "هێرشه ئاسمانیه‌كان كێڵگه‌كان و شوێنه‌كانی ده‌وروبه‌ری گونده‌كانی (شه‌عب، ملح، كه‌فه‌ر و عه‌نات)یان له لادێكانی باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای سوه‌یدا كرده ئامانج، كه ئه‌و ناوچانه به چالاكی تۆڕه‌كانی قاچاخچێتی مادده‌ی هۆشبه‌ر و چه‌ك به‌ره‌و سنوری ئوردن ناسراون".
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان بهوهشكردوه، "فڕۆكه‌ی سیخوڕی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا فڕیوه پێش ئه‌وه‌ی بۆردومانه‌كان كۆگاكانی هه‌ڵگرتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر و حه‌شارگه‌كان بكه‌نه ئامانج كه له‌لایه‌ن گروپه قاچاخچییه‌كانه‌وه وه‌ك خاڵی هه‌ڵدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان به‌كارده‌هێنرێن".
سوپای ئوردن پێشتر له‌ناوبردنی ژماره‌یه‌ك له بازرگانانی چه‌ك و ماده‌ی هۆشبه‌ر و له‌ناوبردنی كارگهكانیانی له میانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان راگه‌یاندبو، به پشتبه‌ستن به زانیارییه هه‌واڵگرییه دروسته‌كان و جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌كان له به‌ره‌ی باكوری وڵاته‌كه‌یدا كردبوه‌وه.
