ئیتلاعاتی ئێران دەستگیرکردنی نۆ کەس بە تۆمەتی دو تەقینەوەکەی کرمان رادەگەیەنێت
وەزارەت هەواڵگری "اطلاعات"ی ئێران رایگەیاند، نۆ کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دو تەقینەوەکەی پارێزگای کرمان دەستگیرکراون هەروەها دەرکەوتوە، یەکێک لەو تیرۆرستانەی کردەوە خۆکوژییەکانی ئەنجامداوە هەڵگری رەگەزنامەی تاجیکستانە.
وەزارەتی هەواڵگری "ئیتلاعات"ی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ماوەیەکی کورت لە روداوە کوشندەکەی کرمان، سەربازەکانی ئیمام زەمان شوێنەواری ئەو کەسانەیان دۆزییەوە کە بەشداربون لە رێکخستنی دو تەقینەوەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکەوتوە ئەو دو تەقینەوەیەی ئەنجامدراوە خۆکوژی بوە، یەکێک لە خۆکوژەکانیش هەڵگری رەگەزنامەی تاجیکستان بوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی دوەم خۆکوژ ئاشکرانەکراوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، دوای ئاشکراکردنی ناسنامەی تیرۆرستە خۆکوژەکان، لە ئێوارەی رۆژی دوای تەقینەوەکە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دیکەی لە چالاکییە تیرۆرستییەکە بەشداربون دەستیپێکرد.
باس لەوەشکراوە، دواتر توانرا شوێنی مانەوەی ئەو دو تیرۆرستە بزانرێت کە لە دەوروبەری پارێزگای کرمانبو، هەروەها دو گومانلێکراوی دیکە لەو خانوەدا دەستگیرکران.
لە راگەیەنراوی هەواڵگری ئێران ئەوەشخراوەتەڕو، لە بەردەوامی پرۆسەی دەستگیرکردنەکان نۆ کەسی دیکەی بەشداربو لە تیمی رێکخەری دو تەقینەوەکە لە شەش پارێزگای جیاوازی ئێران دەستگیرکران.
