ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمی بێت لەسەرجەم دامودەزگاکان بە ناوەندەکانی خوێندنەوە
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی بەرێوەبەرایەتی کەشناسی سبەینێ شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز رو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات، بۆیە بە پێویست دەزانرێت سبەی پێنجشەممە بکرێتە پشوی فەرمی.
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم تا ئامادەکردنی ئەم راگەیەندراوە، سبەینێ پێنجشەممە لە دەمەوبەیانیەوە تا کاتژمێر 6:00ی ئێوارە، شەپۆلێکی توندی بارانبارین کە لەسەروی ئاستی ئاساییەوەیە، رو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلەکە هەورە بروسکەی توندی لەگەڵ دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینیەکان، لەپێناو سەلامەتی گیانی هەمو لایەک، ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا سبەینێ پێنجشەممە لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەناوەندەکانی خوێندنەوە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پشو بێت.
