ئیسپانیا باڵیۆزی خۆی لە (ئیسرائیل) بانگهێشتکردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ئیسپانیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگهێشت کرد بۆ ڕاوێژکاری، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند حکومەتەکەی گوشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد دەکات بە ڕێگریکردن لە کەشتی و فڕۆکە هەڵگرەکانی چەک لە بەندەرەکانی ئیسپانیا یان چوونە ناو ئاسمانی ئیسپانیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئیسپانیا هاوکارییەکانی بۆ دەسەڵاتی فەلەستین و دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) زیاد دەکات، هەروەها قەدەغەکردنی ئەو کاڵایانە دەسەپێنێت کە لە شوێنە نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دروست دەکرێن.
سانچێز لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: هیوادارین ئەم ڕێوشوێنانە فشاری زیاتر بخەنە سەر سەرۆک وەزیران (ئیسرائیلی بنیامین) ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لەو ئازارانەی کە گەلی فەلەستین بەرگەی گرتووە.
هەروەها ئیسپانیا ڕێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی هەر کەسێک کە ڕاستەوخۆ دەستی لە "جینۆساید"دا هەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە باڵوێزی ئیسپانیا لە قەوارەی زایۆنیستی بانگهێشت کرایەوە.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، "ئیسپانیا باڵیۆزی خۆی لە قەوارەی زایۆنیستی بانگهێشت کردووەتەوە بۆ ڕاوێژکاری".
