ئیلهام ئەحمەد: هەسەدە وەك یەكەیەكی سەربەخۆ دەبێتە بەشێك لە سوپای سوریا
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگهیاند، ڕێككەوتنە نوێیەكەیان لەگەڵ سوریا پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە و هەسەدە وەك یەكەیەكی سەربەخۆی دەبێتە بەشێك بە سوپا و لیوای كۆبانێكش دەبنە بەشێك لە فیرقەی حەل بەڵام فەرماندەكانیان كورد دەبن، هەروەها دامەزراوەکان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و توركیا لە عەفرین و سەرێكانی دەكشێتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ڕێککەوتنەکە دەستپێکێکە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە. پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ڕێککەوتنە هەیە، فرەنسا و ئەمریکا ئامادەن ببنە گەرەنتییكەر و ئەم ڕێککەوتنە بەواتای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە، چونکە گەلێک هەن دەیانەوێت کورد قڕ بکەن. بۆیە پێویستە وریایانە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) هێزێکن لە ناوچوارچێوەی (هەسەدە)دا، و کاتێک لیواکان پێکدەهێنرێن ئەوانیش بەشێک دەبن لێی. هەروەها سەبارەت بە دەروازەی سێمالکا، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و کارمەندانی ئەوێ بە شێوەیەکی فەرمی لە سەر کارەکانیان بەردەوام دەبن.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشكرد، "سەرۆکی فرەنسا و سیناتۆر لیندسی گراهام پەیوەندییان پێوە دەکردین و لە ناو دیالۆگەکەدا ئاماد بون. لایەنی عەرەبی لە ناو دیالۆگەکەدا بەشداربون بۆ ڕێگریکردن لە هەر شەڕێکی نوێ. هەڵوێستی نێودەوڵەتی جیدی هەبو بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و پاکتاوی ڕەگەزی دژی کورد".
لەبارەی تێكەڵكردنی هێزەكانەوە ئیلهام ئەحمەد وتیشی، "هێزەکانی ئاسایش لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا تێکەڵ دەکرێن (دەبنە بەشێک لەو وەزارەتە). هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دێنە ناو حەسەکە و قامیشلۆ بۆ سەرپەرشتیکردنی تێکەڵکردنی "ئاسایش" و دوای ئەوە دەکشێنەوە.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكاوە ئیلهان ئەحمەد وتی، "ئەمریکا لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا نەبو کە هیوامان بۆ دەخواست. بەڵام سیناتۆر گراهام و ڕای گشتی ئەمریکا پاڵپشتی کوردیان کردوە و هیوادارین بەردەوام بن. هەروەها داوا لە ئەمریکا دەکەین ڕۆڵێکی دادپەروەرانە لە سوریادا بگێڕێت و مافی پێکهاتەکان بپارێزێت".
دەشڵێت، "ئەو لیوایانەی سەر بە (هەسەدە)ن، فەرماندەکانیان کورد دەبن، و لیوای کۆبانیش سەر بە حەلەب دەبێت. سەبارەت بە سنورەکان، دەروازەکان و فڕۆکەخانە، لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن و کارمەندەکانیشی لە خەڵکی ناوچەکە دەبن".
هەروەها لەبارەی بارودۆخی كۆبانێوە ئەو بەرپرسەی ڕۆژاڤا وتی، "کۆبانی بە فەرمی لە ڕوی ئەمنی و کارگێڕییەوە دەبێتە سەر بە حەلەب، و لیوای کۆبانیش دەچێتە سەر فیرقەی حەلەب. دامەزراوەکانی کۆبانی لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، و بەرپرسانی ئەوێ ناوەکانیان دەدرێت بە دەوڵەت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان".
لەبارەی ئەو ناوچانەشی كە پێشتر توركیا داگیریكردبون ئیلهام ئەحمەد وتی، "کۆبونەوەمان لەگەڵ تورکەکان هەبوە، ئەوان لە عەفرین کشاونەتەوە و وەک خۆیان جەختیان کردۆتەوە هیچ بونێکیان لەوێ نەماوە. لە سەرێ کانیش دەکشێنەوە و بە شێوەیەکی فەرمی ئەوەیان پێ ڕاگەیاندوین".
