ئینتەر شکستی بە بەرشەلۆنە هێنا و گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ
لە چامپیۆنز لیگ ئینتەر میلان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ شکستی بە بەرشەلۆنە هێنا و گەیشتە یاری کۆتایی.
لە یارییەکانی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ، ئینتەر میلان میوانداری بەرشەلۆنەی کرد.
لە تایمی یەکەم، ئینتەر میلان پشتی بە هێرشی هەڵگەڕاوە بەست، پاش چەند هێرشێکیش لە خولەکی 21 لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی یەکەمی بۆ تۆمارکردن، دوای ئەوەش بەرشەلۆنە لە فشارکردن بەردەوام بوو، لە بەرامبەرد لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا لێدانێکی سزا بۆ ئینتەر هەژمارکرا و هاکان چالهانئۆغڵۆ بەسەرکەوتووی جێبەجێی کرد لە خولەکی 45.
لە تایمی دووەم، بەرشەلۆنە گەڕایەوە کەشی یارییەکە، بە فشارێکی زۆر دەستیان پێکرد و لە خولەکی 54 ئیریک گارسیا گۆڵی یەکەمی بۆ تۆمارکردن، دواتر لە خولەکی 60 ئۆلمۆ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە بۆ کوڕانی فلێک، پاش ئەوەش یانەکەی کەتەلۆنیا هەر بە بەهێزی دەرکەوت و لە خولەکی 87 لە ڕێگای رافینیاوە گۆڵی سێیەمیان تۆماکرد.
پاش ئەوەش یارییەکە نزیک بوو لە کۆتاییەکان کاتێک ئینتەر میلان لە خولەکی سێی کاتی زیادکراو لە رێگای ئەچێربییەوە گۆڵی یەکسانی تۆمارکرد و یارییەکەش چووە دوو تایمی زیادکراو.
لە تایمی یەکەمی زیادکراو، هەردوولا یەکی یەک تۆپیان ئاڕاستەی گۆڵ کرد تۆپەکەی ئینتەر میلان گۆڵی لێکەوتەوە و لە خولەکی 99 فراتێسی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تۆمارکردن.
لە تایمی دووەمی زیادکراویش، بەرشەلۆنە چەند هەوڵێکی هەبوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و یارییەکەش بەبردنەوەی ئینتەر میلان کۆتایی پێهات.
سەرەنجام بە ئەنجامی هەردوو یاری ئینتەر میلان بە حەوت گۆڵ بەرامبەر بە شەش گۆڵ لە بەرشەلۆنەی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ، یانەکەی کەتەلۆنیاش ماڵئاوایی کرد.
