ئێران تۆمەتبارێك رادەستی عێراق دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبارێكی كوشتنی خاوەن ئاڵوگۆڕی دراو لە پارێزگای رادەستی عێراق کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە، لە لایەنی ئێرانەوە، تۆمەتبارێكی داواكراوی بە تاوانی كوشتنی هاووڵاتییەكی پارێزگای بابل رادەست كرایەوە. ئەمەش دوای هەوڵە چڕەكانی هەماهەنگی نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی هات.
ئاماژە بەوەشكراوە: وردەكارییەكانی دۆسیەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە تۆمەتبارەكە بەم دواییە خاوەنی ئاڵوگۆڕی دراوی لە پارێزگای بابل كوشتبوو، دواتر لە هەوڵێكدا بۆ خۆدزینەوە لە دادپەروەری بەرەو كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵات. دواتر بەدواداچوونێكی ورد و ڕێكاری یاسایی لە ڕێگەی ئینتەرپۆلی عێراقییەوە ئەنجامدرا، بە هاوكاری فەرماندەیی گشتی پۆلیسی ئێران شوێنی تۆمەتبارەكە دەستنیشانكرا و لە ناو خاكی ئێران دەستگیركرا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، وەزارەتی ناوخۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فەرماندەیی گشتی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی بۆ هاوكارییە گەورەكان و هەوڵە دڵسۆزەكانی لە تەواوكردنی ئەم ئەركە، كە قووڵایی پەیوەندییە ئەمنییەكان و پۆلیسی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ بەرجەستە دەكات. هەروەها ستایشی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ی كرد لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە و هەماهەنگیكردنی ئەو دۆسیەیە و ڕێكارەكانی ڕادەستكردنەوە و گواستنەوە، كە ڕەنگدانەوەی لێهاتوویی دەزگا ئەمنییەكانی عێراقە لە بەدواداچوونی كەسانی داواكراو و جێبەجێكردنی یاسا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیكردەوە: كە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەوانەی داواكراون بۆ دادگا لە هەر كوێیەك بن، كاریش دەكات بۆ بەهێزكردنی هاریكاری ئەمنی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر كەسێك بوێری تێكدانی ئاسایشی هاووڵاتیان و سەقامگیری كۆمەڵگە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
