ئێران تیمی ئەو کەشتییە بیانییە دەستگیردەکات کە لە کەنداوی عومان دەستیبەسەردا گرت
میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتداران 18 ئەندامی تیمی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بیانییان دەستگیرکردوە کە دوێنێ لە کەنداوی عومان دەستیبەسەردا گیرابو، و دەسەڵاتداران دەڵێن، "شەش ملیۆن لیتر سوتەمەنی قاچاخی هەڵگرتوە". ئاماژەیان بەوەشداوە کە کاپتنی کەشتییەکە لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی سەر بە "سوپای پاسداران" بڵاویکردەوە، ئەندامانی تیمی كەشتیەكە كە لە 18 كەس پێكهاتبون خەڵکی هندستان، سریلانکا و بەنگلادیشن. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندوە کە کەشتییەکە چەندین پێشێلکاری ئەنجامداوە، وەک "گوێنەدان بە فەرمانی وەستان، هەوڵدان بۆ هەڵاتن و نەبونی بەڵگەنامەکانی دەریاوانی و بارکردن".
بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ئێران کە بەهۆی پاڵپشتی زۆری حکومەت و دابەزینی بەهای دراوەکەیەوە یەکێکە لە هەرزانترین نرخەکانی سوتەمەنی لە جیهاندا، بەرەنگاری قاچاخچێتی بەربڵاوی سوتەمەنی دەبێتەوە لە ڕێگەی وشکانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها لە ڕێگەی دەریاوە.
ئێران دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی ئاستێکی نوێی نرخ بۆ بەنزینی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، کە یەکەم دەستکاریی نرخە لە ساڵی 2019ـەوە. ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەدەست دابەزینی بەهای دراو و سزاکانی ئابورییەوە دەناڵێنێت. دوایین زیادکردنی گەورەی نرخەکان لە شەش ساڵ پێش ئێستادا، بوە هۆی خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتدا و لە ئەنجامی هەڵمەتی سەرکوتکردندا زیاتر لە 300 کەس کوژران.
