ئێران گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزار دەکات
دوای سزاکەی وڵاتانى ئەوروپا وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی سێ وڵاتی ئەوروپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا)ی بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزار کرد و رایگەیاند کە بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە لە ئەستۆی ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتەدایە.
وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و هۆشداری توند دەدات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمییان بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێناوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو بڕیارنامانەی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا بەپێی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش کۆتاییان پێهاتبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە، بڕیارنامەی ٢٢٣١دانی نابوو بە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا و هەموو سزاکانی پێشووی هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام هەنگاوە “تێکدەرانەکەی” ئەوروپا لە کاتێکدایە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران “کەوتوونەتە بەر هێرشی نایاسایی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا.”
هاوکات ئێران رەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە نەک هەر ئەو هێرشانەیان شەرمەزار نەکردووە، بەڵکو گرنگییان بە لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش نەداوە، کە گرنگترین بیانوویان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بوو.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیارە “ژیرانەکەی” ئێرانیشیان پشتگوێ خستووە، چونکە “هەر لە سەرەتاوە بەدوای ئامانجە سیاسییە زیادەخوازانەکانی خۆیانەوە بوون” و سەربەخۆییان نییە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا.
ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەم خاڵانەى خستووەتەڕوو:
یەکەم: هەنگاوەکەی ئەوروپا نایاساییە و پرۆسە دیپلۆماسییەکان بە توندی لاواز دەکات.
دووەم:: بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکان لە ئەستۆی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەدایە، کە فشاریان خستووەتە سەر ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایش.
سێیەم: ئەم هەنگاوە کە بەبێ کۆدەنگی ئەنجام دراوە، متمانە بە ئەنجومەنی ئاسایش لاواز دەکات و گورزێکە لە دیپلۆماسی.
چوارەم: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە و بەردەوام دەبێت، ئێران مافی وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ هەر هەنگاوێکی نایاسایی بە پارێزراو دەزانێت.
پێنجەم: ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هەنگاوە نایاساییەکەی ئەوروپا ڕەتبکەنەوە و هیچ شەرعیەتێکی پێنەدەن.
