ئەحمەد شەرع سەردانی توركیا دەكات
سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی سێشەممە سەرۆك کۆمارى سوریا بۆ قۆناخى راگوزەر بە سەردانێكی فەرمی بگاتە ئەو وڵاتە.
فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "لەسەر بانگێشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكمان، بڕیارە سبەی سێشەممە ئەحمەد شەرع بە سەردانێكی فەرمی بگاتە ئەنقەرە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لەمیانەی سەردانەكەی ئەحمەد شەرعدا، سەرۆكانی هەردو وڵات دوا پێشهاتەکانی سوریا لە هەمو ڕەهەندەکانەوە تاوتوێ دەکەن، بە تایبەت بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری، سەقامگیریی و ئاسایشی سوریا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئەو بەرپرسەی توركیا، لە دیداری ئەردۆگان و شەرع، جەخت لەسەر پشتیوانییەکانی تورکیا بە حکومەتی ڕاگوزەر و گەلی سوریا دەکرێتەوە.
دەشڵێت، "ئێمە پێمان وایە، پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا کە دوای ئەوەی سوریا ئازادیی بەدەستهێنا، بە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع و شاندی یاوەری بەهێزتر دەبێت".
ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ یەكشەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆك کۆمارى سوریا بۆ قۆناخى راگوزەر یەكەمین سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدا و سەردانی سعودیەی كرد و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە كۆبوەوە.
