ئەردۆغان: "بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەرەنجامی نەرێنیی هەرێمیی و جیهانیی دەبێت"
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەڵەستین بەتایبەتی غەززە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا-ئەمریکا، پرۆسەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، پرسە جیهانیی و هەرێمییەکان تاوتوێ کران.
ئەردۆغان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە بایدنی ڕاگەیاند کە پێویستە بە تراژیدیای مرۆیی لە غەززە بگوترێت 'ڕاوەستە'، باسی لەوەیشکرد کشانەوەی پشتیوانی بێمەرجی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکرێت خێرا ئاگربەست دەستەبەر بکات.
هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە هەم جیهان و هەمیش ڕای گشتیی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەنگی بەرز ئەم داوایە دەکەن و، ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی لەسەرە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستی درێژخایەن لە ناوچەکە.
ئەردۆغان، بە سەرۆکی ئەمریکا بایدنی ڕاگەیاندووە کە بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەرەنجامی نەرێنیی هەرێمیی و جیهانیی دەبێت و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گونجاوترین و درێژخایەنترین چارەسەر ئەوەیە میکانیزمی گەرەنتیکارە کە تورکیا پێشنیاری کردووە پەیڕەو بکرێت، لەگەڵ بردنەسەری بەڵێنەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەر و یەکپارچەی خاکەکەی لەسەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودس بێت.
هاوکات لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پرسی F-16 تاوتوێ کرا.
