ئەردۆغان لە ئامەدی باکووری کوردستان ڕخنەی لە جەهەپە و دەم پارتی گرت
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئامەدی باکووری کوردستان ڕخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) گرت.
ئەردۆغان لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ڕایگەیاند، پارتی جەهەپە و دەم "هاوبەشییەکی ناشرین" بەڕێوەدەبەن.
وتیشی: "لە ئەستەنبوڵ و لە مێرسین و لە هەندێک شوێنی دیکەش، جارێکی دیکە هەمان یارییان ئەنجامداوە بەناوی ڕێککەوتن لەسەر ئاستی شاردا هاوپەیمانییەکی پیسیان دروست کردووە".
باسی لەوەشکرد، پارتی دەم لەبری ئەوەی خزمەتگوزاری بۆ کورد دابین بکات، دەنگی خۆیان خستووەتە بازاڕەوە، ئەمەش بە سوکایەتی دەزانێت.
ئەردۆغان هەڵبژاردنی مانگی چواری 2023ـی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە لە ئامەد ئەنجامی دڵخوازی بەدەست نەهێناوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە کاندیدی جەهەپە لەسەدا 71.5ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەویش لە ئامەد لەسەدا 28.5ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ڕایگەیاندووە کە پێویستە بیر لەو ئەنجامانە بکەنەوە.
جەهەپە و پارتی دەم بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ـی مانگ ڕێککەوتنیان هەیە، بەڵام هاوکارییەکانیان تەنیا بۆ مێرسین، مانیسا و ئەسێنیورتی ئەستەنبوڵ ڕاگەیەندراوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە وەک بناغەی پارتی دەم لێی دەڕواندرێت، لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ پاڵپشتی کاندیدەکانی جەهەپەی لە دژی حکومەتی ئاکەپە کرد و بە گوتەی شارەزایانی سیاسی، لە سەرکەوتنەکەی جەهەپە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەبوو.
