ئەردۆگان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ میوانداری هەر دانوستانێکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دوپاتدەکاتەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا ئامادەی وڵاتەكەی بۆ میوانداری هەر دانوستانێکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بۆ هاوتا ڕوسیەكەی دوپاتكردەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە "چانسێک هەیە" بۆ گەیشتن بە ئاشتی نێوان هەردو وڵات و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی فڕەنسا كردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكدی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە میانەی پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، هاوتا ڕوسیەكەی پێشوازی لە بانگهێشتی سەرۆکی ڕوسیا کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لە ئیستانبوڵ لە 15ـی ئەم مانگەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، تورکیا ئامادەیە میوانداری هەر دانوستانێک بکات لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کە ئامانج لێی گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بێت. هەروەها دوێنێ یەكشەممە ئیمانوێل ماكرۆن، هاوتا فڕەنسیەكەشی لەو كارە ئاگاداركردوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆگان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە ماکرۆنی ڕاگەیاندوە، بە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژویی" بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕ گەیشتوە و دەبێت ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە.
ئەوەشیخستەڕو، ئەردۆگان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەمو هەوڵێک بدات کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتی بەردەوامی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستان.
