ئەعەرەجی نیگەرانیی گەورەی عێراقی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەکە دووپاتکردەوە
قاسم ئەعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نیگەرانیی گەورەی عێراقی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەکە دووپاتکردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە تێیدا ڕایگەیاندووە، "لە ژێر ڕۆشنایی هەڵکشانی سەربازیی مەترسیدار لە نێوان كیانی زایۆنی و کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان لەخۆدەگرێت، عێراق نیگەرانییەکی گەورەی خۆی لە مەترسییە قورسەکانی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەکەدا دەردەبڕێت".
لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوەشکراوە كە ،بەردەوامبوونی ئەم شەڕە نەک هەر مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دروست ناکات، بەڵکو هەڕەشەی ئەوە دەکات کە کارەساتی تەندروستی و ژینگەیی لەسەر ئاستی جیهانی دروستبکات.
لە ڕاگەیاندراوێكدا جەختیشی کردەوە، "حکومەتی عێراق ئامادەیە هاوکاری هەموو لایەنەکان بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم قەیرانە و ڕزگارکردنی خەڵک لە بەڵای جەنگ و ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی بۆ ناو ململانێیەکی فراوانتر".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ئەعەرەجی لە ئاماژەیی بەوەیش كردووە كە: دیسانەوە بە هەستێکی قووڵی بەرپرسیارێتی هۆشداری دەدەین کە بەردەوامبوونی ئەم ململانێیە دەتوانێت ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی پێشبینینەکراو ڕابکێشێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نوێنەرایەتی دەکەن، ڕێوشوێنی بەپەلە و خێرا بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی مرۆیی".
