ئەمرۆ ساڵرۆژی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەرەدەشت عوسمان تێدەپەڕێت
ئەمرۆ ساڵرۆژی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەرەدەشت عوسمان تێدەپەڕێت.
سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەوان و خوێندکاری بەشی زنمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین بوو، لە کاتژمێر 8ـی بەیانیی رۆژی 4ـی ئایاری 2010 لە بەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو ڕفێندرا، دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی، لە 6ـی ئایاری 2010، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە دەورووبەری شاری موسڵ دۆزرایەوە.
ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر سەردەشت عوسمان ناسرابوو بە بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرامبەر دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەوکات نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی دەزگای پاراستی ئەوکات مەسرور بارزانی.
سەردەشت جگە لەوەی کەسانی پەیوەندیداری ئاگادار کردبوەوە لە ھەڕەشەی کوشتنی، هەروەک چۆن باسی لێوەکرد پێش تیرۆر کردنی، بابەتێکیشی بڵاوکردوە. لە بابەتەکەیدا بە ئاشکرا داوا لە بکوژەکانی دەکات کە مەرگێکی شایستە بە ژیانەکەی پێ ببەخشن و وتیشی: "دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تا بزانن گەنجەکانی ئەم وڵاتە چ ھۆلیسۆسێکن و مردن سادەترین ھەڵبژاردنیانە، بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داھاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم".
سەردەشت عوسمان کە لە دایکبووی ساڵی 1987ـە، لە رۆژی 4ـی ئایاری 2010 لە بەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ڕفێندرا و تیرۆر کرا.
