ئەمریکا ئیدانەی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان لەسووریا دەکات و داوا دەکات ئەو کوشتارانە بوەستێت
ئەمریکا بەتوندی ئیدانەی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان لەسووریا دەکات و داوا دەکات ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژیە کە لەلایەن چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا دژی عەلەوییەکان ئەنجامدەدرێت بوەستێت.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی هێرشەکانی تیرۆریستانی ئیسلامی توندڕەو دەکات کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تێیدا لە ڕۆژئاوای سووریا خەڵکیان کوشتووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کەمایینەکانی ئاینی و نەژادییەکانی سووریا دەوەستێت، لەوانە کۆمەڵگەی کریستیان و دروز و عەلەوی و کورد، هەروەها سەرەخۆشی لە قوربانیان و خانەوادەکانیان دەکات و "دەبێت دەسەڵاتدارانی کاتی سووریا لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییانە بکەن کە دژ بە کەمیینەکانی سووریا ئەنجامدراوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، گرژیی و ئاڵۆزیی و پێکدادانەکانی سووریا سەدان کوژراو و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە، "تەنیا لە چوار ڕۆژ زیاتر لە 2000 کەس کوژراون".
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، "سوپای سوریا و ئەندامانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆو هێزەکانی سەربە دەسەڵاتی ئەبو محەممەد جۆلانی، زیاتر لە 830 هاووڵاتیی عەلەویی سڤیلیان کوشتووە".
لە شاری بانیاس لە پارێزگای ساحل 60 کەس کە 10 ژن و 5 منداڵی تێدابووە لە مەیدان لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا کۆمەڵکوژ کران.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، سەرۆکی بەشی ئاسایشی گشتی پارێزگای لازقییە، مستەفا کنێفاتی "پاشماوەی گروپە میلیشیاکانی ئەسەد" تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنەسەر خاڵەکانی پشکنین و فەرمانگاکانی حکومەت لە ناوچەی جەبلە.
کنێفاتی دەشڵێت، پێکدادانەکان "کوژراو و برینداری" لەنێو کارمەندانی ئاسایش لێکەوتووەتەوە.
ئەم پێکدادان و ئاڵۆزییەی سووریا لە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو 4ـی ئاداری 2025 سەریهەڵدا، کاتێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەند چەکداری دژی حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە (جۆلانی) سەرکردەی پێشووی داعش و قاعیدە و سەرۆکی ئێستای سووریا لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتووس و حومس و حەما ڕوویدا، بەوهۆیەوە کوژراو لەهەردوولادا کەوتەوەو لە تۆڵەی ئەم ڕووداوانەدا، چەکدارانی توندڕەوەی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا هەڵیانکوتایەسەر چەندین خێزانی سڤیلی عەلەوی لە پارێزگای ساحل و زۆربەیانی کۆمەڵکوژکرد، جگە لەو دیمەنانەی تۆمارکراو کە دەریدەخەن چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا چەند هاوڵاتییەکی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت لەوانە منداڵ و تەواوی خێزانێک.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا زیاتر لە 830 مەدەنی کوژراو لەو پێکدادانانەدا کەوتەوە.
