ئەمریکا هاوکاری بەبڕی پەنجا ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی کۆندۆم بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە ڕاگرت
وتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلین لیڤیت دەڵێت: 50 ملیۆن دۆلار لە پارەی باجدەرانی هاوڵاتیانی ئەمریکا بۆ کڕینی کۆندۆم وەک هاوکاری بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە خەرج کراوە.
کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئەمریکا پارەی هاوکاری بۆ دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیوە، لەوانە 50 ملیۆن دۆلار کە بۆ کۆندۆم کە وەک هاوکاری بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە تەرخانکرابوو بڕیوەتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە کە وەزارەتی کارامەیی حکومەت بە سەرۆکایەتی ملیاردێر ئیلۆن مەسک و نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە، کە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار پارەی باجدەران بۆ کڕینی کۆندۆم بۆ دانیشتوانی غەززە تەرخان کراوە، ئەمەش لە کابینەی حکومەتی پێشوو بەسەرۆکایەتی جۆو بایدن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 26ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەستبەجێ هەموو هاوکارییە دەرەکییەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕادەگرێت، کە ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بەردەوامی دەبێت.
