ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ تواناسازی عێراق بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی دووپاتدەکاتەوە
جەیمس پاتریک دانلی یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە هەوڵەکانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت لە بەرهەمهێنانی وزەدا خۆبژێوی بەدەستبهێنێت و ئەو زیادەیە هەناردە بکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی کرد لە بریکاری وەزیری وزەی ئەمریکا جەیمس پاتریک دانلی و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەڕێز جۆشوا هاریس.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا سودانی جەختی لە گرنگی هاوبەشی و هاریکاری بەرهەمدار لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە و ئەوەشی ڕوونکردەوە کە حکومەت بە چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، چەندین پڕۆژەی دەستپێکردووە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، کە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەرچاوی لە سەرانسەری وڵاتدا بەدەستهێناوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت خشتەیەکی کاتی دیاریکراوی دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە کەرتەکانی وزە و بەکارهێنانی غاز و بەدیهێنانی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتانی بەرزدا و کارەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی غاز لە ڕێگەی پڕۆژەکانی حکومەتەوە، کە وادەی ئامانجی ساڵی 2028 بۆ ئەم ئامانجە دیاری کراوە.
سودانی جەختی لە گرنگی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی کردەوە لە پەرەپێدانی کار و ڕاهێنانی کارمەندانی عێراقی و بەکارهێنانی نوێترین ئامرازە تەکنەلۆژییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیوەندی دۆستانە بەهێز دەکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا.
لای خۆیەوە بریکاری وەزیری وزەی ئەمریکا پێشکەوتنی بەرچاوی لە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا پشتڕاستکردەوە، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی وزە و ئاماژەی بەوەشکرد، دیدگای ئیدارەی ئەمریکا لەسەر پتەوکردنی هاوبەشی و وەبەرهێنانە، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی وزەدا بەدەستبهێنێت و لە داهاتوودا ئەو زیادەیە هەناردە بکات.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی سەکۆی غازی شلۆق (FSRU)ی بە توانای 15 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا کرد لە نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای ئەمریکی ئێکسلێریت ئینێرجی بۆ ماوەی 5 ساڵ کە قابیلی نوێ کردنەوەیە، بەمەبستی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا و پشتگیری لە بەرهەمهێنانی وزە دەکات لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی غازەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی وێستگەکان، هەروەها پلاتفۆرمەکە بژاردەیەکی باشە لە ڕووی جێبەجێکردن و ژێرخانی پەیوەندیدارەوە و چارەسەرێکی خێرایە بۆ کێشەکانی غاز، چونکە دەتوانرێت لە ماوەیەکی پێوانەییدا و بە تێچووی کەمتر بەراورد بە پلاتفۆرمە جێگیرەکان جێبەجێ بکرێت.
