ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تورکمانێک وەک جێگرەوە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژارد
ڕۆژی دووشەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2024)، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە هاوپەیمانی سەروەری و بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگیدا بە دانانی یاوز حەمید مەحمود بۆ ئەرکی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک كە كەسێكی ئەكادیمییە لە پێكهاتەی توركمان و لە دەرەوەی بەرەی تورکمانییە.
هەڵبژاردنی یاوز حەمید لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ بەرەی توركمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، هیچ كەسێكمان بۆ هیچ پۆستێكی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاندید نەكردوە و جەختیش دەكەینەوە كە ئەم حكومەتە خۆجێییەی كە بە رێگای ناشەرعی پێكهێنراوە، نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی هاوڵاتیانی پارێزگاكە ناكات و شەرعیەتی یاسایی و سیاسی نییە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ئێمە لە بەرەی یەكگرتووی توركمانی عێراقەوە بەپێی خشتەی زەمەنی چاوەڕوانی بڕیاری یەكلاكەرەوەی دادگا دەكەین كە هیوادارین كاروبارەكان بگەڕێنێتەوە بۆسەر رێڕەوی یاسایی و دەستوری خۆی".
