بارزانی سوپاسی واشنتۆن دەکات بۆ ڕۆڵی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، رێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت، "دەستكەوتێكی گەورەیە" و جەختیشدەكاتەوە لەوەی كە ئەمریكییەكان پاڵپشتی گەورە بون بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوت.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کۆنفرانسی ئەکادیمیی ساڵیادی "نیقییە"ی كریستیانەكان لە هەولێر دەستیپێکرد. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە كۆنفرانسەكەدا وتەیەكی پێشكەش و وتی"من دەمەوێ لێرە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و روداوێكی مێژویی بدەم كە ئەم چەند رۆژە بینیمان، دوای دو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ، ئەم بەیانییە، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردەكرایەوە."
وتیشی"ئەم رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی فیدرالی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەمو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان."
ئاماژەی بەوەشدا"من دەستخۆشی لە هەمو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بدەم بە رۆڵی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتۆن و چ باڵیۆزیان لە بەغدا یان كونسوڵیان لێرە لە هەولێر كە بەڕاستی پاڵپشتی گەورەبون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە."
مەسرور بارزانی وتیشی"هیوادارم كە ئەم گرێبەستە، ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و لە خزمەتی هەمو هاوڵاتیاندا بێت."
