بارزانی و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ کرد
مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق (یونامی) کرد و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی کەدەستی موتەڵع کەوتووە تیایدا هاتووە پێنجشەممە 3ی تەمموزی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد ئەلحسسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق (یونامی) كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ناوچەیی ئاڵوگۆڕ كرا، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دیالۆگی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ گەیشتن بە چارەسەری خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
كار و چالاكییەكانی یونامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
